شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: بێ‌چارەیە کامیل
لەبارەی شیعر: قاقڵاوا، ١٣٥٦ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٠٤ ی چاپی جەعفەر و ٧٢ و ٧٣ ی چاپی ئەنیسی)

بڕوانە چ بەدبەخت و چ بێچارەیە کامیل
چەند دەربەدەر و بێ‌کەس و ئاوارەیه کامیل

چەند دڵ‌بەغەم و مات و پەرێشان و بڵاوە
چەنده له‌کوڵ و زار و جگەرپارەیه کامیل

ئەی خالیقی من، ڕازیقی من، دافیعی دەردم! 
ڕەحمێ، که کوژەی حەسرەتی ئەم‌جارەیه کامیل

سەیری جگەرم! لەت‌لەته، زووخاو دەدەڵێنێ
یەک کالبەدی کەوتوو و بێ‌کارەیه کامیل

مەیلت که لە سەر دەربەدەری و قوڕبەسەریمە
یاڕەببی چ کارێکی بەم ئیسرارەیه کامیل! [١] 

هەرچی که ئەتۆ مەیلته، پێم‌خۆشه خودایە
بێ‌دەنگ و سەدا و قاڕەیه، بێ‌باڕەیه 'کامیل'

١. چاپی ئەنیسی: ئەسڕاڕەیە؛ چاپی جەعفەر: ئەسرارەیە